2:04 ص
Unknown
مامۆستا خالید ڕه‌نجده‌ر
ئه‌م ناوداره‌ی کـورد ناوی "شـێخ سه‌عیدی کوڕی شـێخ مه‌حمــودی کوڕی شـێخ
عه‌لی"یـه و ، له سـاڵی (1860) له قه‌زای "پالو"ی هه‌رێمی "ئاڵازغ"ی
کوردی له کوردستانی باکور له‌دایکبووه.شێخ عه‌لی باپیری دوای نیشته‌جێ
بوون له "پالو" نازناوی شێخ عه‌لی پالوی وه‌رگرتووه. شێخ سه‌عید له سه‌ر
ده‌ستی باوکی و موریده‌کانی باوکییه‌وه فێری نووسین و خوێندن بووه و ،
زانستی فیقه و شه‌رعی ئیسلامی و مێژووی خوێندووه. دوای ته‌واو کردنی
خوێندن مۆڵه‌تی وانه ووتنه‌وه‌ی شه‌رعی پێدراوه و ، وانه‌ی شه‌رعی به
قوتابیان وتووه‌ته‌وه. دوای وه‌فاتی باوکی ده‌سه‌ڵات و کاروباری خه‌ڵکی
ئه‌و ناوچه‌یه دراوه به شێخ سه‌عید و ، ئه‌ویش بۆته ڕابه‌ری ته‌ریقه‌تی
نه‌قشبه‌ندی له"پالو" و ، زیاتر له هه‌زار موریدی هه‌بووه. له‌ناو
موریده‌کانیدا تورکیش هه‌بوون ، به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان کورد بوون.
سێخ سه‌عید وه‌ک شێخه‌کانی سه‌ده‌می خۆی نه‌بووه ، به‌ڵکو زانایه‌کی
زیره‌ک و چالاک بووه و ، به یه‌کێک له نوێکه‌ره‌وه‌کانی ئیسلامی ئه‌و
سه‌ده‌مه ناسراوه. شێخ بڕاوی به‌و شتانه نه‌بووه که شێخه‌کانی ئه‌و
سه‌ده‌مه به‌کاریان هێناوه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی مورید له ده‌وری خۆیان. شێخ
ڕازی نه‌بووه که ده‌روێش و موریده‌کانی ، یان خه‌ڵکی تر ده‌ست ماچ بکه‌ن و
کڕنوشی بۆ به‌رن.
.
هه‌میشه خۆی له ئاستی خه‌ڵکدا ڕاگرتووه و ، خۆی له‌وان به گه‌وره‌تر
نه‌زانیوه. پیاوی بیرمه‌ند و ئازا و زانا له مه‌جلیسیدا دانیشتوون و ،
هه‌موو کاتی خۆی بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی زانستی شه‌رعی ته‌رخان کردووه. له
گه‌ڵ ده‌رکه‌وتن و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان له
ساڵانی (1908) و(1923)دا سه‌رگه‌رمی سیاسه‌ت بووه و ، په‌یوه‌ندی باشی له
گه‌ڵ بنه‌ماڵه ناوداره‌کانی کوردی ئه‌و سه‌ده‌مه هه‌بووه ، له‌وانه:
بنه‌ماڵه‌ی به‌در خان و ، بنه‌ماڵه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و ، بنه‌ماڵه
سیاسه‌تمه‌داره‌کانی تری کورد.
شێخ سه‌عید نازناوی "پیران"ی له‌و کاته‌وه وه‌رگرتووه که له گوندی
"پیران"ی نزیک به قه‌زای "بپلو" یه‌که‌م شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌یی له گه‌ڵ
سه‌ربازه‌کانی تورک‌دا کردووه
شۆڕشه‌که‌ی
له مانگی تشرینی دووه‌می (1924)دا عه‌لی ڕه‌زای کوڕی شێخ سه‌عیدی پیران
له ڕێی دیاربه‌کره‌وه چۆته شاری "حه‌له‌ب"ی سوریا ، تاکو له سه‌ر
ڕاگه‌یاندنی شۆڕش گفتوگۆ له گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانی تری کورد له‌وێ بکات. دوای
گه‌یشتنی عه‌لی ڕه‌زا کۆنگره‌یه‌ک ده‌به‌سترێ و ژماره‌یه‌ک له
که‌سایه‌تییه‌کانی کوردی تورکیا و عێراق و سوریا تیایدا به‌شدار ده‌بن.
له کانونی یه‌که‌می (1924)دا حکومه‌تی تورکیا "عه‌لی خالد جوبرانلی" و
:حاجی مو‌سا" و "یوسف زیا" که له کۆمه‌ڵه‌ی ئازادی (ئیستقلال)بوون ،
ده‌گرێ. کورده‌کانیش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ی تورکیا شێخ سه‌عیدی
پیران به سه‌رۆکی کۆمه‌له‌ێ "ئیستقلال" هه‌ڵده‌بژێرن و ، له هه‌مان
کاتیش‌دا ڕۆژی نه‌ورۆز (21/3/1925) دیاری ده‌که‌ن بۆ ئاشکرا کردنی ڕاپه‌ڕین
به سه‌رۆکایه‌تی شێخ سه‌عید.
له (8/2/1925)دا شێخ سه‌عید ده‌که‌وێته جه‌وله کردن و ، سه‌ردانی
هه‌رێمه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌کات. له‌و کاته‌دا که بۆ
سه‌ردانی"عه‌بدولڕه‌حیم"ی برای چۆته گوندی "پیران" هێزێکی سه‌ربازی تورک
به سه‌رکردایه‌تی مولازم "حوسنی ئه‌فه‌ندی" ده‌گاته ئه‌وێ بۆ ده‌ستگیر
کردنی هه‌ندێک له خه‌ڵکی ئه‌وێ. خه‌ڵکی پیران ناچن به پیر له‌شکره‌که‌وه
و ، شه‌ڕ داده‌مه‌زرێ. ژماره‌یه‌ک له سه‌ربازه‌کانی تورک ده‌کوژرێن و
ژماره‌یه‌کیش ، که "حوسنی ئه‌فه‌ندی"یش له‌ناویاندا ده‌بێت ، به دیل
ده‌گیرێن.
له(11/2/1925)دا "تاهیر پیران"ی برای شێخ سه‌عید به خۆیی و
چه‌کداره‌کانییه‌وه ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر کاروانێکی پۆست‌دا که له
شارۆچکه‌ی "لیجه"ه‌وه به‌ره‌و"سیری" ده‌چێت و ، هه‌موو نامه و
دۆکۆمێنته گیراوه‌کان ته‌سلیم به شێخ سه‌عید ده‌کات. هه‌رچه‌نده هێشتا
(41) ڕۆژی مابوو بۆ کاتی ئاشکرا کردنی شۆڕشه‌که ، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه
ده‌بنه سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران.
له (14/2/1925)دا شۆڕشگێڕه‌کان ده‌ست ده‌گرن به سه‌ر پارێزگای "کینجۆ"دا و
، پارێزگار و هه‌موو فه‌رمانبه‌ره تورکه‌کان به دیل ده‌گیرێن و ، "فه‌قێ
حه‌سه‌ن"ی سه‌رۆکی خێڵی "مودان" ده‌کرێته پارێزگاری "کینجۆ" و ، به‌یانێک
که مۆری شێخ سه‌عیدی پیرانی پێوه ده‌بێت بڵاو ده‌کرێته‌وه که ئیتر
"کینجۆ"ده‌بێته پایته‌ختی کاتیی کوردستان. ئیتر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و
دینی ده‌که‌وێته ده‌ستی شێخ سه‌عیدی پیران و ، هه‌موو باج و دیله‌کان له
"کینجۆ"کۆده‌کرێنه‌وه و ، به بڕیارێک زه‌ریبه‌ی "ده‌یه‌ک" نامێنی و ،
داوا له دانیشتوان ده‌که‌ن له‌بری ئه‌وه کۆمه‌ک و یارمه‌تی شۆڕشگێڕه‌کان
بده‌ن. ئه‌م بڕیاره‌ی شێخ له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پێشوازی لێ‌کرا و ،
ده‌ستیان کرده یارمه‌تی دانی شۆڕشگێڕه‌کان.
له (22/2/1925)دا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی تورکیا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به
په‌له‌یان کرد و ، سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپا "فه‌وزی پاشا"ئاماده بوو و ،
حاڵه‌تی نائاسای بۆ ماوه‌ی مانگێک له‌و ناوچانه ڕاگه‌یه‌ندرا که شێخ
سه‌عید و شۆڕشگێڕه‌کانی لێبوون و ، ناوی شێخ و چه‌کداره‌کانی به خائن
له‌قه‌ڵه‌م دران.
له ڕۆژی (25/2/1925) تا (1/3/1925) شۆڕش په‌ره‌ی سه‌ند و ژماره‌ی
چه‌کداره‌کان له (20) هه‌زار تێپه‌ڕی و ، هێزه‌کانی ساڵح به‌گ و حاجی
حه‌سه‌ن و عومه‌ر فار و خێڵی مستیان و بوتانی و شێخ شه‌مسه‌دینی دیاربه‌کر
په‌یوه‌ندیان به شۆڕشه‌وه کرد و ، هه‌ڵوێستی حکومه‌تی تورکیا شپرزه بوو.
له (2/3/1925)دا حکومه‌تی فه‌تحی به‌گ له ئه‌نقه‌ره ده‌ستی له‌کار
کێشایه‌وه و ، ڕۆژی دواییتر حکومه‌تێکی نوێ به سه‌رۆکایه‌تی "عیسمه‌ت
پاشا" ڕاگه‌یه‌ندرا.
له(4/3/1925)دا ئه‌نجوومه‌نی گه‌لی تورک باسای ژماره (578)ی ده‌رکرد.
ئه‌و یاسایه ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری دا به‌و ده‌زگایانه‌ی ده‌وڵه‌ت که دژ به
بزووتنه‌وه میللییه‌کان ده‌وه‌ستنه‌وه. ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه له بڕیارێکی
تردا دوو دادگای به ناوی دادگای ئیستقلاله‌وه دروست کرد. یه‌کێکیان له
ئه‌نقه‌ر بوو و ، ده‌سه‌ڵاتی دیاری کرا بوو و به بێ ئاگاداری ئه‌نجوومه‌نی
گه‌ل نه‌یده‌توانی حوکمی له‌سێداره ده‌ربکات و ئه‌نجامی بدات. دووه‌میان
له ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بوو و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌بوو ، له‌وانه:
ده‌رکردن و ئه‌نجامدانی حوکمی له‌سێداره‌دان.
له /11/3/1925)دا شێخ سه‌عید فه‌رمانی ده‌رکرد بۆ چوونه سه‌ر شاری
دیاربه‌کر. به‌ڵام له‌شکری تورکیا که خاوه‌نی توپ و جبه‌خانه‌ی باشتر بوو ،
توانی له‌شکره‌که‌ی شێخ سه‌عید بشکێنێ. شێخ سه‌عید فه‌رمانی کشانه‌وه‌ی دا
و ، شۆڕشگێڕه‌کان گه‌ڕانه‌وه بۆ "دیرخانی".
له(کۆتایی مانگی مارتی (1925)دا له‌شکری تورکیا ده‌ستی دایه هێرش کردن بۆ
سه‌ر ناوچه‌کانی بن ڕکێفی شۆڕش و ، له هه‌موو لایه‌که‌وه گه‌مارۆی دا.
شۆڕشگێڕه‌کان ناچار بوون به‌ره‌و "پالو" بگه‌ڕێنه‌وه.
له (6/4/1925)دا شێخ سه‌عیدی پیران به ناچاری خۆی و (300) چه‌کدار
گه‌ڕانه‌وه بۆ "سالحان" و ، له‌ناوه‌ندی مانگی نیسانی(1925)دا له
"کینجۆ"ی پایته‌ختی کاتی کوردستاندا گه‌مارۆی شێخ سه‌عید و شۆڕشگێڕه‌کانی
درا و ، سه‌رانی شۆڕش ، به شێخی پیرانیشه‌وه ، به‌دیل گیران.
ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵ شێخ سه‌عید ده‌ستگیر کران: شێخ عه‌لی و ، شێخ غالب و ،
ڕه‌شید ئاغا و ، محمد ئاغا و ، ته‌یمور ئاغا بوون و ، ئیتر کۆتایی به‌و
شۆڕشه هات.
له (13/4/1925)دا سه‌ید عه‌بدولقادر و سه‌ید محمدی کوڕی و ، کۆر عه‌بدوڵا سه‌عدی و ، سه‌رۆکه‌کانی خێڵی هۆشینان ده‌ستگیر کران.
له (14/5/1925)دا دادگایی ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌ران و لێپرسراوانی ئه‌و
شۆڕشه کرا و ، ژماره‌یه‌کیان له (27/5/1925)دا له‌سێداره دارن و ،
ژماره‌یه‌کیش خرانه زیندانه‌وه.
له(29/5/1925)دا دادگایی شێخ سه‌عید ده‌ستی پێ‌کرد و یه‌ک مانگی خایاند.
ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵ شێخ سه‌عید دادگایی کران: شێخ عه‌بدوڵا ، شێخ ئیسماعیل ،
شێخ عبداللطیف ، ڕائد قاسم ئیسماعیل ، حاجی خالد عه‌بدولحه‌مید ، ڕه‌شیدی
چه‌رکه‌سی و ، هه‌ندێکی تر له سه‌رکرده‌کانی ئه‌و شۆڕشه بوون.
له (29/6/1925)دا حوکمی له‌سێداره‌دان بۆ شێخ شه‌عید ده‌کرا و ، له
(30/6/1925)دا له گۆڕه‌پانی مزگه‌وته گه‌وره‌که‌ی شاری دیاربه‌کر
له‌سێداره درا.
له به‌رده‌م په‌تی سێداره‌که‌دا شێخ ووتی: وا ژیان خه‌ریکه کۆتایی دێت و ،
هه‌رگیز په‌شیمان نیم له‌وه‌ی له پێناوی خوادا کردوومه. ئێمه دڵمان
خۆشه چونکه کوڕ و کچه‌زاکانمان له به‌ر ئێمه شه‌رم دایانناگرێ
له‌به‌رده‌م دوژمنان‌دا.
هۆکاره‌کانی شۆڕشی شێخ سه‌عید
زۆربه‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شۆڕشی شێخ سه‌عیدی
پیران شۆڕشێکی نه‌ته‌وایه‌تی بووه ، چونکه شێخ به سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی
"ئازادی" هه‌ڵبژیردرابوو و ، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه له مانگی تشرینی یه‌که‌می
(1924)دا له شاری حه‌له‌بی سوریا کۆنگره‌ی خۆی به‌ست و ، عه‌لی ڕه‌زای
کوڕی شێخ سه‌عید به نوێنه‌رایه‌تی باوکی ئاماده بوو. به‌شداربووان
بڕیاریاندا که شۆڕش بکه‌ن دژ به سیاسه‌تی تورکیا و ، ڕۆژی نه‌ورۆز
(21/3/1925) بۆ ئاشکرا کردنی شۆڕش دیاری کرا.
هه‌ندێک پێیان وایه ئه‌م شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌ی شێخ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافه
نهتهوایهتییهکانی کورد بوو و ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که حکومه‌تی تورکیای
ئه‌و کاته پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرد و ، زۆربه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌کان و ،
سه‌رانی پارته کوردییه‌کانیش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه پشت ڕاست ده‌که‌نه‌وه و ،
ده‌ڵێن ئه‌و شۆڕشه کۆمه‌ڵه‌ی "ئازادی" و "کۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی کوردستان"
ڕابه‌رایه‌تیان کرد. به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی دواییتر ده‌رکه‌وتن
ده‌ڵێن که شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران شۆڕشێکی ئیسلامی بوو و ، ئامانج لێی
گێڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و ڕاپه‌ڕاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام
بوو.حکومه‌تی تورکیا تا ساڵی (1977)یش به‌ڵگه‌نامه و دۆکۆمێنته‌کانی شۆڕشی
شێخ سه‌عیدی پیرانی به نهێنی هێشته‌وه و ، ڕێی نه‌ده‌دا بکه‌وێته
به‌رده‌ست و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکرێ.
شێخ سه‌عیدی پیران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو و ڕاستگۆ و ژیر
بوو بۆیه کرایه سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی"ئازادی". هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو
که سه‌رانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه له لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه گیرابوون.
دروشمی شۆڕشه‌که‌ی شێخ سه‌عید بریتی بوو له: "بژی خه‌لافه‌ت ، بڕوخێ
کۆمار". شێخ سه‌عید نازناوی "خادم الموجاهدین"ی لێنرابوو. واته:
خزمه‌تکاری موجاهیده‌کان.
حکومه‌تی تورکیا شێخ سه‌عیدی پیرانی به تۆمه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی له‌سێداره
دا تا بتوانێ ئه‌و شۆڕشه ئیسلامییه له‌به‌رچاوی گه‌لی تورک ڕه‌ش بکات و
بیخاته قاڵبی نه‌ته‌وایه‌تی دژ به بیروهزری نه‌ته‌وایه‌تی تورکی. "خالد
جوبرانلی"ی سه‌رۆکی پێشووی کۆمه‌ڵه‌ی "ئازادی" یه‌کێک بوو له
که‌سایه‌تییه کورده‌کانی نزیک به سوڵتان عه‌بدولحه‌مید و ، ژنبرای شێخ
سه‌عید بوو.
سه‌باره‌ت به ئیسلامه‌تی شۆڕشه‌که‌ی شێخ سه‌عیدی پیران ئه‌نجوومه‌نی سوپای
تورکیا له دانیشتنێکی نهێنیدا لێکۆڵینه‌وه‌یان له سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک
کرد که له‌به‌رده‌ستیاندا بوو و ، جه‌ختی له‌سه‌ر ئیسلامه‌تی ئه‌و شۆڕشه
ده‌کرده‌وه. ئه‌نجوومه‌نه‌که ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی به نهێنی دا به‌و دام و
ده‌زگایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانی کورده‌وه هه‌بوو
بۆ ئه‌وه‌ی کاری له‌سه‌ر بکه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا که له سوریا بوون هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری
سوریایان خسته به‌رده‌ستی سوپای تورکیا بۆ گواستنه‌وه‌ی (20-25) هه‌زار
سه‌ربازی تورکی بۆ ناوچه‌کانی شه‌ڕ به‌رامبه‌ر به شێخ سه‌عیدی پیران.
له کاتی داگایی کردنی شێخدا حاکمه‌که ده‌ڵێ:ڕاپه‌ڕینه‌که‌ت نه‌ته‌وایه‌تی
بوو. ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: خوا به شاهید ده‌گرم که ئه‌و شۆڕشه
ده‌ستکردی سیاسییه‌کانی کورد نه‌بوو و ، ده‌ستی ده‌ره‌وه‌شی تێدا نه‌بوو.
کاتێکیش لێی پرسیار کرا: ده‌ته‌وێ ببیته خه‌لیفه؟ ووتی: بوونی خه‌لیفه
زه‌مانه‌ته بۆ چه‌سپاندنی شه‌ریعه‌ت و ڕێساکانی دین. هه‌وڵدان بۆ بوونی
خه‌لیفه واجبه به پێی شه‌رع.
کاتێکیش لێیان پرسی: باشه کاتێک ئێوه ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌تان کرد
قه‌ناعه‌تتان وابوو که شه‌ریعه‌ت له‌م ووڵاته‌دا ڕاناپه‌ڕێنرێت؟ ووتی:
قورئان جه‌خت له‌سه‌ر ده‌رچوون ده‌کاته‌وه له فه‌رمانی حاکم له‌و
بارودۆخه‌ی ئاماژه‌م بۆ کرد. ڕاپه‌ڕاندنی شه‌ریعه‌تیش مانای ڕێگرتنه له
کوشتن و زینا و ماده هۆشبه‌ره‌کان. سوپاس بۆ خوا ئێمه هه‌موو موسوڵمانین و
نابێ جیاوازی بکرێت له نێوان کورد و تورک‌دا. به قه‌ناعه‌تی ئێمه
مه‌سه‌له شه‌رعییه‌کان ته‌رک کراوون. ئێمه به‌و قه‌ناعه‌ته‌وه ڕاپه‌ڕین و
به پێی قورئانیش بوو..
0 التعليقات:
إرسال تعليق