الثلاثاء، 18 ديسمبر 2012

مه‌ی چاره‌سه‌ر نییه‌..


جمال محمد أمین



پزیشكەكان زۆر لە كۆنەوە و لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) و لە دوای ئەویش بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە مەی وەك دەرمانێكی چارەسەركار دەبێت ئەگەر بە بڕی گونجاو بەكارهێنرا. هەر ئەوان دەیان ووت كە: “مەی” بۆ لەش و تەندروستی زۆر باشە و لەش بەهێز دەكات و، بیر تیژ دەكات و, جگەر پاك دەكاتەوە و، زۆر سوودی تریشی هەیە. بەڵام پێغەمبەری ئیسلامیش دەفەرموێ‌: (إنها دا‌ء وإنها لیست بشفا‌ء). زۆر فەرموودەی دیكەش هەیە كە جەخت لەوە دەكەنەوە: “مەی” خۆی لە خۆیدا نەخۆشییە و چارەسەر نییە بۆ نەخۆشییەكان وەك:
1) 
عن وائل بن حجر: أن طارق بن سوید الخضری سأل رسول الله (صلى الله عليه وسلم) عن الخمر یجعل فی الدوا‌و, فقال (صلى الله عليه وسلم): (إنها دا‌ء ولیست بدوا‌ء). أخرجه مسلم. (كتاب اڵاشربە من صحیحه) و الترمذی و ابن ماجه.
2) 
عن طارق بن سوید قال: (یا رسول الله إن بأرضنا أعناباً نعصرها فنشرب, قال: لا، فراجعته قلت: إنا نستشفی للمریض قال: إن ذلك لیس بشفا‌ء ولكنه دا‌ء). أخرجه مسلم و ابن حبان.
3) 
عن أبی الدردا‌و عن النبی (صلى الله عليه وسلم): (إن اللهَ أنزل الدا‌ء وجعل لكل دا‌ء دوا‌ء، فتداۆوْا، ولا تَتَداۆوْا بالحرام). أخرجه أبوداود وابن السنی وأبو نعیم.
4) 
ئەبو داود دەگێڕێتەوە كە (دەیلەمی حیمیەری) لەگەڵ وەفدێكی یەمەنیدا هاتن بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لێیان پرسی: ئێمە لە ناوچەیەكی زۆر ساردداین و كاری قورس دەكەین و, لەو گەنمەش خواردنەوەیەك دروست دەكەین و دەیخۆینەوەو و بەهێزمان دەكات دژی سەرمای ووڵاتمان. پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: ئایا سەرخۆشتان دەكات؟ ووتیان بەڵێ‌, پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی دە وازی لێ‌ بێنن و مەیخۆنەوە.
تا ئەمڕۆش بەردەوام مەی دەخورێتەوە بەو خەیاڵەی كە گوایە گەرمی دەدات بە لەش و مرۆڤ لە سەرما دەپارێزێت!
لە راستیدا ئەو هەست كردن بە گەرمییە لە ئەنجامی فراوان بوونی لوولە خوێنینەكانی ژێر پێستەوەیە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی گەرمیی لەش و ڕێگرتنیش لە كاری ئەو ناوچەیەی دەماغ كە بەرپرسە لە ڕێكخستنی گەرمیی لەش, لە ناوچەی (Hypothalamus) لە مێشكدا، كە دیسان ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەی گەرمیی لەش. هەر بۆیە ساڵانە و لە بۆنەكانی وەك سەری ساڵا و جەژنی لە دایك بووندا كارەساتی مردن و ڕەق بوونەوەی دەیان و سەدان كەس ڕوو دەدات لە ئەمەریكا و ڕووسیا و ووڵاتانی دیكە، كە شەوانە لەسەر جادە و كۆڵانەكاندا دەمێننەوە و بەو هەستكردنە درۆینەیەی گەرمی كە بە هۆی مەی خواردنەوە بەدەستی دەهێنن لەو كوچە و كۆڵانانەدا ڕەق دەبنەوە!
گۆڤاری پزیشكیی ئەمەریكای باكوریش لە ژمارەی شوباتی (1984)دا نووسیویەتی: خواردنەوەی مەی گرنگترین هۆكارێكە بۆ ڕوودانی مردن لە ئەنجامی دابەزینی پلەی گەرمیی لەشەوە.
5) 
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەفەرموێت: (من تداوی بالخمر فلا شفاه الله). ئەبوو نەعیم ڕیوایەتی كردووە و لە كتێبی (الطب النبوی)دا هێنراوە.
6) 
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (إنَّ اللهَ لم یجعل شفا‌ؤكم فیما حرم علیكم). هەروەها سەبارەت بە ئایەتی ژمارە (219)ی سوورەتی (البقرة) كە باس لە مەی و قومار دەكات، زانایانی ڕاڤە ڕاكانیان دەردەبڕن, دەقی ئایەتەكەش: [یسألونك عن الخمر والمیسر قل فیهما إثمٌ كبیرٌ ومنافع للناس وإثمهما أكبر من نفعهما]. زانایانی تەفسیر هەر هەموویان كۆكن لە سەر مانای (إثم كبیر) واتە: گوناهی زۆر گەورە و، مەی و قوماركردن بە سەرچاوەی هەموو تاوانەكان دادەنێن, چونكە لە باری نەمانی عەقڵادا هەموو گوناه و تاوانێك بەرجەستە دەبێت و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەی ناو دەبات بە (أم الخبائث-سەرچاوەی چەپەڵییەكان).
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە تێگەیشتنی ئەو زانایانەیە بۆ ووشەی (منافع) جۆراوجۆرە؛ ئەوەتا “گبری” دەفەرموێت: (سوودەكانی مەی ئەو نرخانەی بووە كە بەدەست دەهێنران پێش حەرامكردنی و ئەو خۆشی و چێژەش دەگرێتەوە كە لە خواردنەوەیەوە بە دەست دێت).  “ابن كثیر” دەفەرموێت: (سوودە دونیایییەكانی مەی لەوەدایە كە بۆ لەش باشە, خواردن هەرس دەكات, پاشەڕۆ دەردەكاتە دەرەوە, بیر تیژ دەكات و، چێژ و خۆشی دەدات بەو كەسەی كە دەیخواتەوە، بەڵام ئەو سوودانە هەموویان یەكسان نین بە زیان و خراپییەكانی كە پەیوەستن بە عەقڵەوە و بە ئاینیشەوە، بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: [وإثمهما أكبر من نفعهما].
قرگبی”ش دەفەرموێت: (ووتراوە كە سوودەكانی مەی بۆ لەش ئەوەیە كە یارمەتی خواردن هەرس كردن دەدات، لاواز بەهێز دەكات و، ترسنۆك ئازا دەكات و، ڕەنگ پاك دەكاتەوە و، چێژیش دەدات بە بخۆری، هەروەها یارمەتیی كاری سێكسی دەدات).
سەعید حەووا”ش دەڵێت: (سودەكانی لەوەدایە كە هەندێك كەڵك بە لەش دەگەیەنێت لە هەندێك باردا).
فەخری ڕازی”ش ئەو سوودانەی “مەی”ی باس كردووە و، باسی لەوەش كردووە كە پلەی گەرمیی لەش بەرز دەكاتەوە لە كاتی سەرمادا.
 
لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو هەموو سیفەتانە لە مەیدا هەبن و بەو جۆرە سوودبەخش بێت ئەوا پێویستە كە بەكاربهێنرێت و هەموو كەس بیخواتەوە, بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەو سوودانەی كە باسكران هەموو ڕووكەشییە و خەیاڵە بەستراوەتەوە بەمەی”ەوە، چونكە لاواز بەهێز ناكات، بەڵكو ئەوەندەی تر لاوازی دەكات.. هەروەها نەك یارمەتیی هەرس كردنی خواردن نادات، بەڵكو دەبێتە هۆی هەوكردنی كۆئەندامی هەرس هەر لە دەمەوە تا دەگاتە ڕیخۆڵەكان… ناشبێتە هۆی بەهێزكردنی توانای سێكسی، بەڵكو عەقڵا دەبات و لەو كاتانەشدا تاوانی گەورە ڕوودەدات وەك دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر دایك و خوشكەكەی. بەلای كەمەوە نیوەی تاوانەكانی داگیركردنی جەستەیی لە جیهاندا لەژێر كاریگەریی مەیدا ڕوو دەدات..
هەروەها مەی بە هیچ جۆرێك خۆشی بۆ بخۆرەكەی ناهێنێت، و ئەو خۆشییەی كە باسیشی دەكرێت كاتییە و زۆر جار بە شەڕ و شۆڕ و ڕق و تاوان كردن كۆتایی دێت. سەبارەت بەوەش كە ترس ناهێڵێت و ترسنۆك ئازا دەكات, ئەوەش لە ئەنجامی لەدەستدانی عەقڵا و ژیریییەوە دەبێت كە خاوەنەكەی تووشی سەركێشی و لاساری دەكات.
بە پێی ئامارەكانیش 86%ی تاوانەكان لەژێر كاری مەی خواردنەوەدا ئەنجام دەدرێن و 50%ی كارەساتەكانی ڕێگاوبان بە هۆی مەی خواردنەوەیە
هەروەها كە دەڵێن: مەی بخۆرەكەی دوور دەخاتەوە لە ڕەزیلی و ڕژدی و بەخیلی، ئەوەشیان هەر لە ئەنجامی نەمانی عەقڵەوەیە و كەسی مەی خۆر پارەكەی لە شتی باش و بەكەڵك و یارمەتی هەژاران و داماواندا سەرف ناكات، بەڵكو سەرف كردنەكەی لە پێناوی غەیری خوادایە.
ئەوەش كەدەڵێن ئارەق خواردنەوە ڕەنگ پاك و جوان دەكات، زۆر لە ڕاستییەوە دوورە، چونكە ئەو سوور بوونەوەیەی دەم و چاو لە ئەنجامی كشانی موولوولە خوێنینەكانی ژێر پێستی دەم و چاوەوەیە, ئەو سووربوونەوەیە نیشانەی نەخۆشییە نەك جوانی و لەشساغی؟!.
جگە لەوانەش، دەستەواژەی: “مەی لەش گەرم دەكاتەوە و ناهێڵێت بخۆرەكەی سەرمای ببێت” ئەوا ئەو دەستەواژەیە هیچ شوێنێكی لە نوژداریی نوێ‌دا نییە.
ڕێكخراوە تەندروستییە جیهانییەكان و توێژینەوە زانستییەكان هەردەم وریایی دەدەن لەبارەی مەترسییەكانی خواردنەوەی “مەی”.
ئەوەتا بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوەی تەندروستیی جیهانی لە ژمارە (650)ی ساڵی 1980 كە سەبارەت بە كحول و گیر و گرفتەكانیەتی، هاتووە: (خواردنەوەی مەی كاریگەریی خراپی لە سەر تەندروستی هەیە و گیرو گرفتەكانی لە هی ماددە سڕكەرەكانی “هێرۆیین” و “مۆرفین” زیاترە).
هەروەها لە ڕاپۆرتێكی كۆلێژی شاهانەی پزیشكە دەروونییەكانی بەریتانیا لە ساڵی (1986)دا هاتووە كە: (كحول ماددەیەكە دەبێتە هۆی تێكدانی تەندروستیی مرۆڤ، مەترسییەكانی زۆر زیاترە لە مەترسییەكانی سەرجەمی ماددە بێ‌هۆشكەرەكان و، زۆربەی مەترسییەكانی كحول لەسەر تەندروستیی گشتی لەو ژمارە زۆرەی خەڵكەوە دێت كە بە شێوەیەكی مامناوەندی كحول بەكاردەهێنن). بەوەش ئەو ڕاپۆرتە بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە كە هەندێك لە زانا و پزیشكە كۆن و تازەكان ئاماژەی بۆ دەكەن كە گوایا خواردنەوەی مەی بە شێوەیەكی مامناوەندی تەندروستی باش دەكات.
لە ڕاستیدا مەی خواردنەوە بە هەر شێوەیەك بێت تەندروستی دادەڕمێنێت و، ڕاپۆرتی كۆلێژی شاهانەی بەریتانی لە ساڵی (1987)یشدا جەخت لەسەر ئەو واتایە دەكاتەوە كە بە ناونیشانی (ئاكام و مەترسییەكانی خواردنەوەی كحول، بەڵایەكی مەترسیدار و شەڕێكی دەستەو یەخەیە).
لە و ڕاپۆرتەدا هاتووە كە: مەترسییە تەندروستییەكانی پەیوەست بە كحولەوە و بە پلەی یەكەم تەنها لەوەوە نایەت كە ژمارەیەكی كەم لە مەی خۆران بە بڕی زۆر مەی دەخۆنەوە، بەڵكو مەترسیی گەورە لە سەر تەندروستی گشتی لەوەوە دێت كە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك مەی دەخۆنەوە بە بڕی مامناوەندی و بەڕێك و پێكی.
خواردنەوەی (60مل) لە كحول ڕۆژانە، دەبێتە هۆی زیاد بوونی مەترسیی بەرزیی پەستانی خوێن و دەماخەوەستێ‌, نەخۆشییەكانی جگەر, لاوازیی توانای سێكسی و نەزۆكی و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دەمار (بەڵام بۆ ئافرەتان خواردنەوەی نیوەی ئەو بڕە بەسە بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییانە ببن).
ئەم ووشانەش كە لەم ڕاپۆرتەدان بە تەواوی دژ بەو ووتانەن كە زانایانی وەك (ئیبن سینا و ڕازی) و زۆری دیكە ووتویانە دەربارەی بەكارهێنانی مەی بە شێوەی مامناوەندی كە گوایا بێ‌زیانە و تەندروستی بەخش دەبێت بۆ مرۆڤ.
لە كتێبی (الف با‌و الكحول) كە گۆڤاری پزیشكیی بەناوبانگ (BMJ) لە ساڵی (1988)دا دەری كردووە، ئەوە هاتووە كە: (لە نێوان پێنج یەك تا سێ‌ یەكی هەموو ئەو حاڵەتانەی نەخۆشییەكانی سك كە داخڵی نەخۆشخانە دەبن بە هۆی مەی خواردنەوەیە. تەنها لە (ئینگلتەرە)دا هەموو ساڵێك (سێ‌ سەد هەزار) تا (نیو ملیۆن كەس) داخڵی بەشەكانی نەخۆشییەكانی سك دەبن لە نەخۆشخانەكاندا كە هۆكارەكانی خواردنەوەی “مەی”یە.
توێژینەوەی (مالۆ) لە سوید دەریخستووە كە (29%)ی هەموو ڕۆژەكانی داخڵا بوون لە نەخۆشخانەكاندا بە هۆی خواردنەوەی “مەی”ەوەیە.
هەروەها جارێكی دی لە كتێبی (الف با‌و الكحول)دا هاتووە كە (25%)ی هەموو حاڵەتەكانی ژەهراوی بوون لە بەریتانیادا بە هۆی خواردنەوەی “مەی”ەوەیە و، 60%ی هەموو ئەو بە ساڵاچووانەی كە داخڵی نەخۆشخانەكان دەبن لە بەریتانیا و بە هۆی كەوتنە خوارەوە، یان دابەزینی دڵا، یان لەدەستدانی زاكرە و تێكچوونی بیرو مێشكیان, (60%)ی ئەوانە بە هۆی خواردنەوەی “مەی”ەوەیە.
لە ڕووسیاشدا (90%)ی هەموو حاڵەتەكانی ژەهراوی بوون بە كحول كە داخڵی نەخۆشخانەكان بوون بە هۆی خواردنەوەی “مەی”یەوە مناڵن و لە خوار تەمەنی (15 ساڵی)یەوەن و سێ‌ یەكیشیان لە خوار تەمەنی (10 ساڵی)یەوەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەی تەندروستیی جیهانیش لە كۆبونەوەی (63)هەمینیاندا لە خولی (32)ی ساڵی 1979دا: (مەی خواردنەوە یەكێكە لە گەورەترین گرفتە تەندروستییەكان لە جیهاندا, و بەردەوام بوون لە سەر خواردنەوەی كۆسپە لە بەردەم پێشكەوتنی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لە زۆربەی كۆمەڵگاكاندا و، لەمپەرێكی زۆر گەورەیە لە بەردەم بواری تەندروستیدا و، یەكێكە لە گرنگترین هۆكاری داڕماندنی تەندروستیی گشتی كە هیچ چارەسەرێكی نییە).

مردن بەهۆی “مەی”ەوە:
مەی خواردنەوە دووەم هۆكاری مردنە لە ئەمەریكا و ساڵانە (سەد وبیست و پێنج هەزار) كەس بەهۆی ئەو نەخۆشی و دەردو بەڵاو كارەساتانەوە دەمرن كە لە ئەنجامی مەی خواردنەوە دروست دەبن. لە بەر ئەوەش كە جگەرەكێشان زیاتر بڵاوە، ئەوا قوربانییەكانی جگەرەكێشان بە پلەی یەكەم دێن و لە ئەمەریكا ساڵانە (سێ‌ سەد و پەنجا هەزار) كەس دەمرن بە هۆی جگەرەكێشانەوە.
بەڵام لە بەریتانیا بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆلێژی شاهانەی پزیشكەكان ژمارەی قوربانییەكانی مەی خواردنەوە دەگاتە (چل هەزار) كەس كە لە دواتردا ئەو ژمارەیە كرا بە (بیست و پێنج هەزار) كەس، ئەوەش لەبەر ئەوەی بەشێك لە هۆكاری مردنەكان دەگەڕایەوە بۆ دیاردەی خۆكوشتن, ئیتر نازانرێت هۆكاری خۆكوشتنەكە سەرخۆش بوون و بێ‌ئاگایی بووە، یان تاوانەكە پێش مەی خواردنەوەكە بووە؟
گومانی تێدا نییە كە مەی خواردنەوە هۆكاری سەرەكییە لە ڕوودانی هەموو تاوانێكدا، تەنانەت خۆكوشتنیش, بەڵام قوربانییەكانی جگەرەكێشان هەمیشە لە پێشەوەیە, و ساڵانە لە ووڵاتێكی وەك بەریتانیادا ژمارەیان دەگاتە (سەد و چل هەزار) كەس.
وا لە خوارەوەش هەندێك لەو نەخۆشییانە ناو دەبەین كە بە هۆی مەی خواردنەوە پەیدا دەبن، ئەمەش بەرپەرچدانەوەی تەواوەتیی ئەو بیرۆكەیە دەگەیەنێت كە پێشتر دەوترا بەكارهێنانی مەی بە شێوەی مامناوەندی سوودی دەبێت بۆ لەش!

مەی و كۆئەندامی هەرس كردن
گۆڤـــــــــــــــاری جیهانی Medicine International ژمارە (62)ی ساڵی 1989 نووسیویەتی:
(
مەی خواردنەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی شێرپەنجەی سورێنچك, و هۆی خوێن بەربوونی سورێنچك و هەوكردنی هەمیشەیی, و روودانی سكچوون, و مایەسیری، جگە لەوانەش هەوكردنێكی توندی پەنكریاس كە لەوانەیە بكوژ بێت, بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە لە سەر خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی كراون دەركەوتووە كە (180گم) لە كحول ڕۆژانە دەبێتە هۆی نەخۆشییە مەترسیدارەكانی جگەر كە سێ‌یەم هۆكاری مردنە لای پیاوانی كامڵبوو لە ئەمەریكادا, و چوارەم هۆكاری مردنن لای ئافرەتان. هەروەها شێرپەنجەكانی: دەم، جگەر، قورگ, و هەوكردنیان بەهۆیمەی”یەوەیە.

مەی و نەخۆشییەكانی دڵ
گۆڤـاری جیهانی (Postgradulate Medicine) لە ژمارەی (91)ی ساڵی (1992)دا نووسیویەتی:
(
بە پێی توێژینەوە جیاجیاكان دەركەوتووە كە خواردنەوەی مەی هۆكاری سەرەكیی زۆربەی سنگەكوتێ‌ و مردنە كوتوپڕیییەكانە، چونكە خواردنەوەی مەی بە تەواوەتی كار دەكاتە سەر دڵا و لێدانەكانی تێك دەدات. بەپێی توێژینەوەیەكیش كە لە سەر (دوو هەزار) كەس ئەنجامدراوە كە تووشی مردنی كتوپڕی هاتوون، دەركەوتووە كە نیوەی ئەو ژمارەیە بە هۆی خواردنەوەی “مەی”یەوە بووە.
هەرەوەها بەپێی توێژینەوەیەكی تریش دەركەوتووە كە خواردنەوەی مەی هۆكاری تێكدانی سكۆڵەكانی دڵە لە لای 63%ی ئەو نەخۆشانەی كە لە خوار تەمەنی (65) ساڵییەوەن.

مەی و سێكس:
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەفەرموێت: (لا یزنی الزانی حین یزنی وهو مۆمن، ولا یسرق السارق حین یسرق وهو مۆمن، ولا یشرب الخمر حین یشربها وهو مۆمن).
هەروەها دەفەرموێت: (الخمر أم الفواحش وأكبر الكبائر, من شرب الخمر ترك الصلاة ووقع علی أمه وخالته وعمته).
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوەی تەندروستی جیهانی 50%ی حاڵەتەكانی زەوتكردنی جەستەیی (الإغتصاب) بە هۆی كاریگەریی “مەی”یەوەیە و، هەروەها زۆربەی دەستدرێژییەكانی سەر مەحرەمەكان بە هۆی “مەی”یەوەیە.
جگە لەوانەش مەی خواردنەوە بە شێوەیەكی هێواش كاریگەریی خراپی لە سەر كۆئەندامی سێكسی هەیە، چونكە دەبێتە هۆی زیادكردنی زەوقی بخۆرەكەی، بەڵام لە لایەكی دیكەوە توانای سێكسی دادەبەزێنێت، چونكە كاردەكاتە سەر گلاند و ئەو ئەندامانەی كە پەیوەستن بەكۆئەندامی سێكسیەوە, و لەكاریان دەخات، یان كارەكانیان تێكدەدات لەلای هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ‌.

مەی و كۆئەندامی دەرهاویشتن:
مەی خواردنەوە هۆكارێكی گرنگە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی گورچیلە و، لە ئاكامیشدا پەككەوتنی گورچیلەكان، یان پەككەوتنی هەمیشەیی گورچیلەكان… هەروەها هەوكردن و سووربونەوەی پرۆستات و ئێش و ئازاری زۆر لە لای ئەوانەی كە نەخۆشیی پرۆستاتیان هەیە.
لەو نەخۆشییانەی دیكە كە هەر بە هۆی مەی خواردنەوە تووشی مرۆڤ دەبن: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دەماخەوەستێ‌، دابەزینی دڵا و تێكچوونی لێدانەكانی، كەمبوونەوەی توانای سیستەمی بەرگری كردن, و لاوازبوونی توانای خرۆكە سپییەكان بۆ بەرگری كردن لە لەش, و كەمبوونەوەی خوێن و شیبوونەوەی خرۆكە سوورەكان, و زیاد بوونی چالاكیی سپڵا، هەوكردنی ئەندامەكانی كۆئەندامی هەناسەدان, و تووشبوون بە سیلی سییەكان, و زیادبوونی شێرپەنجەی قورگ… ئەمانە و جگە لەمانەش كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر كاری كوێرە گلاندەكان و گلاندە سێكسییەكان, و كارەكانیان تێكدەدات, و ووردەكاریی و رێكوپێكییەكانیان ناهێڵێت.
شایانی باسە كە تەنها نیوەی ئەو بڕەی مەی كە پیاو بەكاریدێنێت بەسە بۆ ئەوەی كە لەشی ئافرەت بە جارێك هەڵبوەشێنێت, چونكە دەبێتە هۆی تێكچوونی سووڕی مانگانە, و لە بارچوون و تێكچونی كۆرپەلە لە سكی دایكیدا, و لە دایكبوونی بە ناتەواوی و كەم و كورتییەوە.

لە كتێبی (هاریسۆن)ی پزیشكی چاپی (1991)دا هاتووە:
لەوانەیە خواردنەوەی مەی بە بڕێكی كەم یان مامناوەندی ببێتە هۆی كەم كردنەوەی كۆلیسترۆڵی كەمچڕیی لە خوێندا و زیادبوونی كۆلیسترۆڵی زۆرچڕیی لە خوێندا, ئەوە شتێكی باشە, بەڵام لە چەندین لای دیكەوە ئەو كحولە زیانبەخش دەبێت, چونكە دەبێتە هۆی تێكچونی ماسولكەكانی دڵا و لێدانەكانی دڵا و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
لە مانشێتی گۆڤاری (لانسێت)ی پزیشكیدا ژمارە (2)ی ساڵی (1987)دا هاتووە كە:
(
پێویستە هەموو پزیشكەكان یەك پەیام و یەك بانگەواز بدەن بە خەڵكی، ئەویش ئەوەیە كە مەی خواردنەوە زیانبەخشە بە لەش بە هەموو جۆرێكی و بە هەموو بڕێكییەوە, و سەرچاوەی هەموو نەخۆشییە كوشندەكانی وەك: سنگەكوتێ‌ و دەماغەوەستێ‌ و جەڵتەی خوێن و جەڵتەی دڵا و دەماخە, و هۆكاری تێكچوونی لێدانەكانی دڵە و هۆكاری مردنی كوتوپڕییە).
* * *
بەو جۆرە ئیعجازی زانستیی فەرموودەكانی پێغەمبەر (دروودی لەسەر بێت) سەبارەت بە “مەی” دەردەكەوێت، لە كاتێكدا كە ئەو بیروڕا هەڵەیە باوبووە كە گوایا مەی خواردنەوە بە بڕی كەم و مامناوەندی سوودی دەبێت بۆ لەش و چارەسەری هەندێ‌ نەخۆشی. ئەو بیروڕا هەڵانەش لە زۆربەی كتێبەكاندا لە كۆن و تازەدا تۆمار كراون. بەڵام وا زانستی پزیشكیی نوێ‌ ئەو بیر و بۆچوونانە ڕەتدەكاتەوە و، زیانی زۆری مەی خواردنەوە دەردەخات، ئیتر بە هەر بڕێك ببێت.

سەرچاوە:
گۆڤاری (اڵاعجاز العلمی)/ ژمارە (7)ی جومادی یەكەم (1421 ك)/ دەركراوی (هیئة الإعجاز العلمی).
ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (1) دا بڵاوكراوەتەوە
سه‌رچاوه‌/

0 التعليقات:

إرسال تعليق